حزبە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هەرێمی کوردستاندا چوار ملیۆن دۆلاریان بۆ سپۆنسەری فەیسبووک خەرجنەکردووە

نوێترین بابەتەکان

لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکدا، ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە کە لە ناونیشانەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات حزبە سیاسییەکان لەم هەڵبژاردنەی هەرێمی کوردستانی عێراقدا بڕی چوار ملیۆن دۆلاریان بۆ سپۆنسەری فەیسبووک خەرجکردووە. ئایا ئەم زانیارییە تا چەند ڕاستە؟

ڕۆژی ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکدا پۆستێکی ڤیدیۆیی بڵاوکراوەتەوە کە لە ناونیشانی ڤیدیۆیەکدا نووسراوە:

 حیزبەکان چوار ملیۆن دۆلاریان بۆ سپۆنسەری فەیسبووک لەم هەڵبژاردنە خەرجکردووە و لە نان و چا بەپێی راپۆرتێکی فەیسبووک ئەو حیزبە ئاشکرا دەکرێت کە زۆرترین پارەی داوە بە سپۆنسەر

ڕاستی بانگەشەکە چییە؟

بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیارییەی کە لەلایەن پەڕەی فەیسبووکی ئاڤا میدیاوە بڵاوکراوەتەوە، تیمی فتبینوا هەستا بە ئەنجامدانی گەڕانێک بە داتای کراوەی کۆمپانیای مێتادا بۆ بڕی ئەو پارانەی لە کۆماری عێراقدا بۆ سپۆنسەری مێتا خەرجکراون. لەسەر پەڕەی داتای کراوەی کۆمپانیای مێتا کە تایبەتە بەو بڕە پارەیەی لە کۆماری عێراقدا بۆ سپۆنسەری مێتا خەرجکراون، بۆمان دەرکەوت لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢١ەوە لە سەرانسەری عێراقدا ٤٠٧،٨٦١ بڵاوکراوە بە تێچووی ٤،٨٤٥،٧٩٦ دۆلاری ئەمەریکیی سپۆنسەر کراون.

سەرچاوە: کۆمپانیای مێتا

ئەمە لەکاتێکدایە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٤دا لە ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ەوە دەستیپێکردووە و تاکو ڕۆژی ١٥ی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت.

لە درێژەی گەڕانەکەماندا بە ناو داتای کۆمپانیای مێتادا بۆمان دەرکەوت کە لە ڕۆژی ١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ەوە تاکو ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، کە نوێترین داتای مێتایە سەبارەت بەو ماوەیەی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێکردووە، لە کۆی گشت پارێزگاکانی عێراقدا تەنها ٣١٤،١٣٤ دۆلاری ئەمەریکیی بۆ سپۆنسەری فەیسبووک خەرجکراوە. لەم بڕە پارەیەدا، داتای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق بەم شێوەیەی لای خوارەوەیە:

پارێزگاکان بڕی خەرجکراو بە دۆلاری ئەمەریکیی
سلێمانی ١١٠،٠٧٧
هەولێر ٩٢،٦٠٩
دهۆک ٢٩،٠٩٢
هەڵەبجە ٥،٧٨١
کۆی گشتی ٢٣٧،٥٥٩

سەرچاوە: داتای کۆمپانیای مێتا

بەپێی بەدواداچوونی تیمی فتبینو بەناو نوێترین داتاکانی کۆمپانیای مێتادا، لەو ماوەیەدا کە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێکردووە تاکو بەرواری نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراقدا، کۆی ئەو پارانەی بۆ سپۆنسەری کۆمپانیای مێتا خەرجکراون بریتین لە ٢٣٧،٥٥٠ دۆلاری ئەمەریکیی و لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢١ەوە لە سەرانسەری پارێزگاکانی عێراقدا ٤،٨٤٥،٧٩٦ دۆلاری ئەمەریکیی بۆ سپۆنسەر خەرجکراون. هەربۆیە تیمی فتبینو ئەو زانیارییەی پەڕەی فەیسبووکی ئاڤا میدیا بە چەواشە و ناڕاست هەڵدەسەنگێنێت کە گوایە حزبە سیاسییەکانی لە سەروبەندی هەڵبژاردنی ٢٠٢٤ی پەرلەمانیی هەرێمی کوردستانی عێراقدا بڕی چوار ملیۆن دۆلاریان بۆ سپۆنسەری فەیسبووک خەرجکردووە.

هەڵسەنگاندنی فتبینو: هەواڵەکە چەوت و ناڕاستە

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *

Fill out this field
Fill out this field
الرجاء إدخال عنوان بريد إلكتروني صالح.