پۆستێکی فەیسبووک بانگەشەی ئەوەی کردووە لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا، بزووتنەوەی گۆڕان هیچ کورسییەکی بەدەستنەهێناوە. ئایا ئەم بانگەشەیە تا چەندێک ڕاستە؟
لە ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤، بڵاوکراوەیەکی فەیسبووک بانگەشەی ئەوەی کردووە کە بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراقدا، کە ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو، هیچ کورسییەکی بەدەستنەهێناوە.
ئەمە دەقی بڵاوکراوەکەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکە، بە بێ دەستکاری:
گۆڕان هیچ کورسی نەهێنا
بۆ هەڵسەنگاندنی بانگەشەی ناو ئەم بڵاوکراوەیەی ناو تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، تیمی فتبینوا هەستا بە ئەنجامدانی بەدواداچوونێک بۆ ئەنجامە فەرمییەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق کە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بڵاوکراونەتەوە و لەسەر ماڵپەڕەکەیاندا ئەنجامەکان بەردەستن.
لەسەر ماڵپەڕی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و لەسەر پەڕەی “ئەنجامەکانی کۆتاییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی عێراق 2024″دا، هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردن کە بریتین لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە، دەبینرێن.
بە کرتەداگرتن لەسەر بازنەی سلێمانی، ئەم ئەنجامانەی خوارەوە بەردەست دەبن:
بەپێی ئەنجامە فەرمییەکانی کۆمسیۆن، لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراقدا کە ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو، بزووتنەوەی گۆڕان بە بەدەستهێنانی ٩،٧٣٦ دەنگ لە بازنەی سلێمانیدا، بووەتە خاوەنی کورسییەکی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق.
بانگەشەی بڵاوکراوەکەی سەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک هەڵە و چەواشەکارانەیە.