لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڤیدۆیەک لەلایەن هەندێک پەڕاو و هەژمارەوە بڵاو کراوەتەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هێزێکی زۆری ئەمریکی لە بنکەی هەریر لە هەولێر کۆبونەتەوە.
ئایا ڕاستی بانگەشەکە چییە؟
ڤیدیۆیەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاوبۆتەوە کە ٢٥ هەزار بینەر و زیاتر لە هەزار کارلێکی هەیە، کە بانگەشەی ئەوە دەکات بڕێکی زۆری هێزی ئەمریکی لە بنکەی هەریر کۆبونەتەوە.
دەقی بانگەشەکە بەپێی بڵاوکەرەوەکەی – بەبێ دەستکاری:
بە ڤیدیۆ
بنکەی سەربازی ئەمریکا لە هەریری سەر بە پارێزگای هەولێر قەرەباڵغە و هێزێکی زۆر و نوێی بۆ هاتووە، دەنگۆی پێکدادان و جەنگیش لەگەڵ ئێران و میلیشاکانی سەر بەو وڵاتە بڵاوبۆتەوە .
ئەمە لە کاتێکدایە کە چەندین پەڕاو و هەژماری تر هەمان هەواڵیان بڵاو کرۆتەوە وەک لێرە و لێرەوە دەردەکەون.
ڤیدیۆکە هی کاتی جێهێشتنی ئەفغانستانە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لە فڕۆکەخانەی کابوڵ ساڵی ٢٠٢١، نەوەک بنکەی هەریر لە ٢٠٢٣
دوای بەدواداچونی تیمی فتبینوا لەڕێگەی گەڕانی پێچەوانەوەی گوگڵ دەرکەوت کە سەرچاوەی ڤیدۆکە دەگەڕێتەوە بۆ هەژمارێکی ئینستاگرام کە لە 7/8/2023 بڵاو کراوەتەوە و کە دەیگەڕێنێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٢١کاتێک هێزەکانی ئەمریکا ڕێڕەوی فڕۆکەخانەی کابوڵ چۆڵ دەکەن بۆ فڕینی فڕۆکەکانیان.
هەروەها ڤیدیۆیەکی تریش دۆزرایەوە کە لە سالی ٢٠٢١ بڵاوبۆتەوە و بەپێی ئەو بابەتانەی لە ڤیدیۆکە دەردەکەوێت پێدەچێت کە هە هەمان کات و ڕوداو بێت وەک لە ڤیدیۆی یەکەم.
هەروەها لە هەردوو ڤیدیۆکەدا هەندێک نیشانە دەردەکەون کە توانیمان لە ڕێگای گۆگڵ ئێرسەوە پشتڕاستی بکەینەوە کە شوێنەکە فڕۆکەخانەی کابوڵە نەوەک هەریر.
بەپێی بەدواداچوونەکانی تیمی فتبینوا، دەردەکەوێت کە ڤیدۆکە لە چوارچێوەیەکی چەواشەکارانەدا بەکارهاتوە و هی کات و ڕوداوێکی جیاوازە لەوەی بانگەشەی بۆ دەکرێت.