پۆستێک لە فەیسبووک بانگەشەی ئەوەی کردووە کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ٢٠٢٤ی هەرێمی کوردستانی عێراقی دواخستووە. ئایا ئەمە تا چەند ڕاستە؟
ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، پۆستێک لە فەیسبووک بانگەشەی ئەوەی کردووە کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کە سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ٢٠٢٤ی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات، هەڵبژاردنەکانی دواخستووە.
دەقی پۆستەکەی فەیسبووک بەم شێوەیەی لای خوارەوەیە، بە بێ دەستکاری:
بەپەلە.. کۆمسیۆن بڕیاری لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن دا
دوای چەند جارێک لە دواخستنی، ڕۆژی ٢٦ی حوزەریرانی ٢٠٢٤، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ی وەک وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دیاریکرد و دواتریش ئەنجوومەنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە دەربڕی.
بۆ هەڵسەنگاندنی ڕاستی و درووستی ئەم بانگەشەیە، تیمی فتبینوا هەستا بە ئەنجامدانی بەدواداچوونێک کە ئایا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ٢٠٢٤ی هەرێمی کوردستانی عێراقی دواخستووە یان نا.
بەپێیی بەدواداچوونەکەی تیمی فتبینوا، ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق بەڕێوەچووە و لە کاتژمێر ٠٧:٠٠ی بەیانییەوە تا کاتژمێر ٠٦:٠٠ی سەر لە ئێوارە پرۆسەکە بەردەوام بووە.
دوابەدوای تەواوبوونی کاتی دەنگدان لە میانەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و تێیدا پرۆسەکەی بە سەرکەوتوو وەسف کرد.
بانگەشەکە دوورە لە ڕاستییەوە و بێ بنەمایە.